Home / کوردستان / ئاسایشی هەرێم هەستاوە بە گولەبارانكردنی بەكۆمەڵی چەند دەستگیركراوێك

ئاسایشی هەرێم هەستاوە بە گولەبارانكردنی بەكۆمەڵی چەند دەستگیركراوێك

ئاسایشی هەرێم هەستاوە بە گولەبارانكردنی بەكۆمەڵی چەند دەستگیركراوێك

رێكخراوی نێودەوڵەتی هیومان ڕایتس ۆوچ تایبەت بە مافی مرۆڤ رایگەیاند، بەڵگەی نوێیان لەبەردەستدایە كە هێزەكانی ئاسایشی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەشی ڕۆژئاوای دیجلە، “هەستاون بە گولەبارانكردنی چەند دەستگیركراوێك كە گوایە چەكداری داعش بوون”، بەڵام دیندار زێباری، رێكخەری راسپاردە نێودەڵەتییەكانی هەرێم ئەو تۆمەتە رەتدەكانەوە.
رێكخراوی نێودەوڵەتی هیومان ڕایتس ۆوچ لەراپۆرتێكدا ئەمڕۆ هەینی بڵاویكردەوە، “هێزەكانی ئاسایشی حكومەتی هەرێمی كوردستان تاوانی جەنگیان ئەنجامداوە، بەوەی هەستاون بە گولەبارانكردنی بەكۆمەڵی چەند دەستگیركراوێك كە گوایە چەكداری داعش بوون”.

هیومان ڕایتس ۆوچ ئاماژەی بەوەشكرد، “هێزەكانی هەرێم هەستاون بە دەستگیركردنی ئەو حەوت كەسە، كە عێراقی و بیانی بوون لە قوتابخانەی گووندی سهل الملحە، كە بە دووری 70 كیلۆمەتر دەكەوێتە باكوری ڕۆژئاوای موسڵ”.

هیومان ڕایتس ۆوچ دەڵێت، “بەپێی وتەی ئەندامێكی هێزە ئەمنیەكان كە ئێستا خانەنشین بووە، هێزەكانی ئاسایش ئەو پیاوانەیان گواستوەتەوە بۆ زیندانێك لە شلگیا كە 45 كیلۆمەتر لەو شوێنەوە دوور بووە، لەوێشەوە بردوویانن بۆ دوو شوێن لە دەوروبەری شارۆچكەی زووماروك،ە لەوێ گولەبارانیان كردوون”.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، “توانراوە گۆڕێكی بە كۆمەڵ لەوشوێنە بدۆزێتەوە، كە بەپێی ووتەی ئەندامە خانەنشین بووەكەی ئاسایش و شەش دانیشتووی ئەو گووندە، ئاسایش هەندێك لە لاشەكانی تێدا كردوون بەژێر خۆڵەوە لە دوای گولەباران كردنەكە”.

هیومان ڕایتس ۆوچ هەروەها دەڵێت، “دەبێت بەرپرسانی دادوەری تاوانەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لێكۆڵینەوە لەو تاوانە ئاشكرایەی جەنگ بكەن، لێپرسینەوە لەوانەش بكەن بە بەزرترین ئاستی باڵاشەوە كە بەرپرسیار بوون لە ئەنجامدانی ئەم تاوانە”.

هاوكات لەما فەقیە، جێگری بەڕێوەبەری هیومان ڕایتس ۆوچ لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاندووە، ”بەڵگەكان پێشنیازی ئەوەدەكەن كە هێزەكانی ئاسایش هەستاون بە گولەبارانكردنی دەستگیركراوانی گومانلێكراوانی داعش شەو لەدوای شەو بۆ ماوەی یەك هەفتە، كە ڕەنگە ژمارەی گولەباران كراوە دەستگیركراوەكان زۆربێت و بگاتە سەدان پیاو”.

لە هەرێمی كوردستان یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2006 كە بە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تۆقاندن (تیرۆر) ناسراوە پەیڕەو دەكرا، ئەو یاسایە تا 16/7/2016 كاری پێكرا، بەڵام ئێستا لە هەرێم بۆ دادگاییكردنی ئەو كەسانەی بە كاری تیرۆریستییەوە تێوەگلاون كار بە یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003ی پەرلەمانی كوردستان و یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111ی ساڵی 1969ی هەمواركراو دەكرێت.

دیندار زێباری، رێكخەری راسپاردە نێودەڵەتییەكانی هەرێم لەوەڵامی ئەو راپۆرتەی هیومان ڕایتس ۆوچ-دا دەڵێت، “بەپێویستی دەزانین ئەوە روون بكەینەوە كە ئەو دەستگیركراوانە، وەك هەموو دەستگیركراوانی دیكە بە یەكسانی مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت، بە یەكسانی بەپێی پرەنسیپی تاوانبار بێتاوانە تا ئەو كاتەی تۆمەتەكەی بەسەردا ساغ دەبێتەوە”.

دیندار زێباری بۆ خەندان ئاماژەی بەوەكرد، “هەركاتێك دەستگیركراوان تۆمەتی پەیوەندی كردنیان بە داعش، یان هاوكاریكردنی داعشیان بەسەردا ساغ بووەوە، ئەوە بەپێی یاسا كارپێكراوەكانی هەرێم مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت، كەسوكاریشیان ئاگاداردەكرێنەوە لە تۆمەتەكانیان لە هەمانكاتدا هەموو مافێكیان هەیە، وەك سەردانی كردنی كەسوكاریان و بوونی پارێزەر بۆ ئەوەی بەرگرییان لێ بكات، بەڵام ئەگەر لە میانەی لێكۆڵینەوەكاندا هیچ تۆمەتێكی بەسەردا ساغ نەبووەوە”.

زێباری ئەوەشی وت، ” لەگەڵ هاتنی راگوێزراوان بۆ ساترەكانی هێزی پێشمەرگە وەك رێوشوێنێكی ئەمنی تەنیا پیاوەكان پشكنینێكی زۆر ئاساییان بۆ كراوە بە مەبەسی دڵنیابوون لە نەبوونی كەسانی تیرۆریست و خۆكوژ لە نێویاندا، دواتر دەگوازرانەوە بۆ سەنتەرەكانی پێشوازی، دوای گواستنەوەی راگوێزراوان بۆ سەنتەری پێشوازی دووبارە پیاوەكان دەپشكێندرێن و بەهیچ شێوەیەك پشكنین بۆ ئافرەتان ئەنجام نەدەدرا بەهۆی رەچاوكردنی دابونەریتی كۆمەڵایەتی و حورمەتی خەڵكەكە ئافرەتە راگوێزراوەكان پشكنینیان بۆ ئەنجام نادرێت لەلایەن دام و دەزگا ئەمنییەكانەوە”.

لەبارەی چارەنووسی دەستگیركراوانی داعش دوای 16ی ئۆكتۆبەر زێباری وتی، ” تا رۆژی 16/10/2017 هیچ بەندكراوێك لە ئاسایشی كەركوك دەستبەسەر نەبوو، تەنیا لە شارۆچكەی دبس زیندانێكی كاتی هەبوو بۆ وەرگرتنی ئاوارەكانی حەویجە كە پێش پرۆسەی رزگاركردنی حەویجە دەهاتنە دبس خۆیان رادەستدەكرد، زۆربەیان داعش و هەموو دەستگیركراوەكان عەرەبی سوننە بوون و ژمارەیان نزیكەی هەزار كەس بوو، دواتر هەموویان گوازرانەوە بۆ ئاسایشی هەولێر و ئاسایشی گشتی، چونكە هیچ گرتووخانەیەك لە كەركوك نەبووە و لایەنە ئەمنییەكان ئەركیان تەنیا هاریكاری كردن بوو بۆ گواستنەوەیان و پرۆسەكە بە فەرمانی بەرپرسە سەربازییەكانی میحوەری كەركوك بوو جێبەجێ كرا و هێزەكانی ئاسایش و دژە تیرۆر بەرپرسیاریەتی پرۆسەی گواستنەوەكەیان لە ئەستۆ گرت”.

لەبارەی رووداوەكانی ناوچەی زوممار كە هیومان ڕایتس ۆوچ ئاماژەی بە پێشێلكاریەكانی ئاسایشی هەرێم كردووە تیایدا، زێباری رونیكردەوە، ” رۆژی 28/8/2017 كاتژمێر 11:00ی بەیانی لە ناوچەی سەهل ئەلمالح لە زوممار، هێرشێكی خۆكوژی لەلایەن تیرۆریستێكەوە ئەنجامدرا، بەر لە ئەنجامدانی هێرشەكە هێزە ئەمنییەكان هەوڵیاندا كە رێگا لە تیرۆریستەكە بگرن بۆ ئەوەی كردارەكە ئەنجام نەدات، بۆ پاراستنی گیانی پێشمەرگە و ئەو خێزانە ئاوارانەی كە لەوێ بوون، دوای ئەوەی سەركەوتوو نەبوون لە هەوڵەكانیان تیرۆریستەكە خۆی تەقاندەوە، بووەهۆی شەهید بوونی پێشمەرگەیەك و بریندار بوونی ژمارەیەكی تر، لەو كاتەوە و لە ترسی روونەدانی هێرشی دیكەی هاوشێوە، هێزەكانی پێشمەرگە داوای پشتیوانی زیاتریان كرد و خێزانە ئاوارەكانیشان لە قوتابخانەیەك كۆكردەوە بۆ پاراستنی گیانیان تاكو ناوچەكە سەقامگیر و ئارام دەبێت”.

زێباری وتیشی، “لە ماوەی جەنگی داعشدا پێشمەرگە چاودێری هاتوچۆی تیرۆریستانی داعشیان دەكرد، بۆ رێگەگرتن لە راكردنیان لە ناوچەی نێوان حردان و راعی و جۆلات بە درێژایی 71 كیلۆمەتر بوو، لە ماوەی سێ ساڵەی جەنگی داعش ژمارەیەكی زۆریان لەو ناوچەیە كوژراون، لەوانە هەندێكیان هێرشی خۆكوژییان دەكردە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە، هەندێكی دیكەشیان بە نیازبوون رووبكەنە سوریا و پێشمەرگە هەوڵی دەدا رێگرییان لێ بكات، بەشێكی دیكەشیان كە بە نیازبوون خۆیان رادەستی پێشمەرگە بكەن لە پشتەوە لەلایەن خودی داعشەكانەوە كوژراون”.

یەكەمجارنییە رێكخراوی نێودەڵەتی مافی مرۆڤ هیومان ڕایتس ۆوچ ئاماژە بە “پێشێلكاریەكانی” هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان دەكات، بەڵام دواتر بڵاوبوونەوەی راپۆرتەكان حكومەتی هەرێم ئەو تۆمەتانەی كە ئاڕاستەی دەكرێن رەتدەكاتەوە.

تکایە بیرت نەچێ لایکی پەیجی کورددۆست بکە

کۆمێنت

سەرنجی ئەم بابەتە بدە

بە ڤیدیۆ..عەلی حەمەساڵح نهێنی مووچە ئاشکرا دەکا

تکایە بیرت نەچێ لایکی پەیجی کورددۆست بکە کۆمێنت

error: Content is protected !!